سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کفری کۆبوەوە
4 / 5 / 2025
ئەمڕۆ (٣٠ی نیسانی ٢٠٢٥) جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بە ئامادەبوونی قایمقامی قەزای کفری و بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی ئیدارەی گەرمین، لە دیوانی قایمقامیەتی کفری، لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کفری کۆبوەوە. لە کۆبونەوەکەدا، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، باسی لەوەکرد لە ئێستادا بارودۆخی دارایی هەرێم بەرەوباشتر چووە، ئەمەش وای کردووە لە کۆی سێکتەرەکاندا چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری جێبەجێکردندان و چەندینی دیکەش کە بەهۆی قەیرانی دارایی راگیرابوون دەچنەوە بواری جێبەجێکردن و لەگەڵ ئەوەشدا لە سەربودجەی پەرەپێدنی پارێزگاکان ژمارەیەک پرۆژەی نوێ لە قەزای کفری دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش وا دەکات کفری گەشەکردن و ئاوەدانی زیاتر بەخۆوەببینێت. ووتیشی، ئێمە هەمیشە داواکارییەکانی رێکخراوەکان و چین و توێژەکانی کفریمان بەهەن وەرگرتووە و خزمەتکردنی کفری بە ئەرکی خۆمان دەزانین. هاوکات راشیگەیاند، لە پێناو باشتر گەشەپێدانی قەزاکە و زیاتر خزمەتکردنی، ئێمە وەک ئیدارەی گەرمیان لە بەرنامەمان دایە لە ئایندەدا لەگەڵ رێکخراوەکاندا کۆنفراسێکی تایبەت بە گەشەپێدانی کفری لە سێکتەرە جیاجیاکاندا ئەنجام بدەین، دیارە ئەمەش دەبێتە نەخشە رێگایەک بۆ بوژانەوەی زیاتری کفری. دواتر سەرۆک و نوێنەری رێکخراوەکانی کفری، باسیان لە کەموکورتی و کێشە وگرفتەکانی قەزای کفری کرد و بۆ ئەو مەبەستە چەندین تێبینی و پێشنیار و چارەسەریان خستەڕوو.
|
|
|