مەراسیمی یادی ٣٧ ساڵەی تاوانی ئەنفال لە گەرمیان بەڕێوەچوو
20 / 4 / 2025
بەیانی ئەمڕۆ (٤/١٤) بە ئامادەبوونی هەزاران کەس لەکەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان و هاوڵاتیان و نوێنەری سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و نوێنەری پارتە سیاسیەکان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتار و بەرپرسانی حکومی و رێکخراوەکانی بواری ئەنفال و زانکۆکان و خوێندکاران و مامۆستایانی ئاینی و چالاکانی کۆمەڵی مەدەنی و چین و توێژەکانی تر لە مەراسێمێکدا لە مەزاری ئەنفالکراوان لە گوندی دێبنە، یادی ٣٧ ساڵەی تاوانی ئەنفال کرایەوە. لە مەراسیمەکەدا، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ووتارێکی پێشکەشکرد و وێڕای بەخێرهاتنی میوانان و ئامادەبووان، باسی لە گەورەیی تاوانی ئەنفال کرد و جەختی کردەوە لە پشتیوانی داخوازییەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوان. دواتر ووتاری کەسوکاری ئەنفالکراوان پێشکەشکرا و بە چالاکی هونەی و ئەنجامدرا و تاجەگوڵینەی رێز و وەفاداری دانرا. هاوکات، بەردی بناغەی مۆنۆمێنتی ئەنفال دانرا کە بەفەرمانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانەوە لەلایەن ئیدارەی گەرمیان جێبەجێ دەکرێت. مەراسیمەکە لەلایەن ئیدارەی گەرمیان بەهاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و رێکخراوەکانی بواری جینۆسایدی ئەنفال لەچوارچێوەی هەفتەیادی ئەنفالدا بەڕێوەچوو.
|
|
|