لە رۆژی جیهانی مافەکانی مناڵاندا بەشی ڕۆشنبیری مناڵان سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان کرد

بەروار: 19/11/2026

ئەمڕۆ (١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦) بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافەکانی منداڵانەوە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێشوازی کرد لە بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان و لێپرسراوی بەشی منداڵان و ژمارەیەک لە منداڵانی بەشی منداڵانی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان.

منداڵانی بەشی منداڵان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان لە سەردانەکەیاندا چەپکە گوڵییا  پێشکەش بە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان کرد، هاوکات بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیانیش کتێبێکی تایبەت بە جاڕنامەی مافەکانی منداڵانی پێشکەش بە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان کرد.

لە دیدارەکەیاندا ، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان کۆمەڵێک داواکاری و پڕۆژەی بەشی منداڵانی خستەڕوو بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری منداڵانی سنووری گەرمیان، گرنگترینیان بریتی بوو لە، گرنگیدان بە بوارەکانی پەروەردە، هونەر و وەرزش بۆ منداڵان و دروستکردنی ڕێکخراوێکی تایبەت بە منداڵان لەگەڵ ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر  و پێکهێنانی بۆردێکی تایبەت بە پاراستنی منداڵان.

لای خۆیەوە، بەرێز جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکەیان دەربڕی و ڕایگەیاند: ئەرکی حکومەتە کار لەسەر پاراستن و جێبەجێکردنی مافەکانی منداڵان بکات، لەوبارەوە پشتگیریی تەواوی ئیدارەی گەرمیانی دەربڕی و ئەوەی خستەڕوو لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکان و یاسا و رێنماییە بەرکارەکان کار لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەکات.

ئەم سەردانە هاوکاتە لەگەڵ یادکردنەوەی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی منداڵان کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە و ڕۆژی (٢٠ی تشرینی دووەم)ی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانیی پاراستنی مافەکانی منداڵان دیاریکراوە.