کۆبونەوەی بۆردی وەبەرهێنانی ئیدارەی گەرمیان ئەنجامدرا

بەروار: 15/10/2026

ئەمڕۆ (١٥ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦) بەسەرپەرشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەئامادەبوونی نوێنەری جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە گەرمیان و ئەندامانی بۆرد، کۆبوونەوەی بۆردی وەبەرهێنان تایبەت بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە دیوانی ئیدارەی گەرمیان ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، جەختکرایەوە لە گرنگی کەرتی وەبەرهێنان و زیاتر گەشەپێدانی وەبەرهێنان لە سنورەکە لە پێناو بوژانەوەی زیاتری سنورەکە و رەخساندنی هەلی کار، هاوکات بە لەبەرچاوگرتنی داخوازی بەشداربوانی پرژەکان بەوردی تیشک خرایەسەر کێشە و گرفتی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و بەڕێوەچوونی کارەکانی بواری وەبەرهێنان، بەشداربوانی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانیش راسپێردران بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی بۆ کەرتی وەبەرهێنان لە سنورەکە دێتە پێش.

هەر لەوبارەوە بەڕێوەبەری دامودەزگاکان لە بۆردی وەبەرهێنان هەر یەکە و پەیوەست بە کارەکانی بەڕێوەبەراتیەکەی، سەرنج و تێبینی خۆیان لەسەر پرۆژەکانی وەبەرهێنان خستەڕوو و جەخت کرایەوە، لە چڕکردنەوەی چاودێری پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەرێگەی لیژنە ئەندازیارییەکان و پابەندکردنی وەبەرهێنەران بە چارەسەری کەموکورتیەکان و بەگەڕخستنی هەوڵەکان بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کارەکانی وەبەرهێنان.