وەجبەی دووەمی زەوی فەرمانبەران دابەشدەکرێت

بەروار: 28/09/2026

ئەمڕۆ (٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٦) بە سەرپەرشتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەئامادەبوونی جێگری سەرپەرشتیار بۆ کاروباری هونەری و  نوێنەری نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و  بەڕێوەبەرە گشتیەکانی کشتوکاڵی گەرمیان و شارەوانیەکانی گەرمیان و سەرۆکی شارەوانی کەلار، سەبارەت پرسی دابەشکردنی وەجبەی دووەمی زەوی فەرمانبەران لەدیوانی ئیدارەی گەرمیان کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی دابەشکردنی وەجبەی دووەمی زەوی فەرمانبەران لە شاری کەلار کرا و چارەسەری پێویست بۆ ئەو بابەتە خرایەڕوو.

دواتر هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رووبەری ئەو زەوییانەی کە بۆ زەوی فەرمانبەران لە کەلار تەرخانکراوە زیاتر بکرێت بە تەواوکردنی رێکارەکانی دابینکردنی زەوی پێویست لەلایەن کشتوکاڵی گەرمیانەوە بۆ سەر سنوری شارەوانی کەلار و لە کەمترین ماوەدا زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا دابەشبکرێت کە فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەیە و لە وەجبەی یەکەم زەوییان پێنەدراوە.

بەپێی بڕیاری کۆبوونەوەکە، فەرمانبەرانی سنوری قەزای کەلار لەگەڵ گردەگۆزینە و گوند و ناحیەکانی و فەرمانبەرانی دانیشتووی ناحییەکانی مەیدان و قۆرەتوو، لەگەڵ وەجبەی دووەمی فەرمانبەرانی کەلار لەسنوری شارەوانی کەلار زەوییان پێدەدرێت.

وێنەکان