بە فەرمانى بەڕێز قوباد تاڵەبانى لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەروخانى کۆڕنیشى ماریناى کەلار پێکدەهێنرێت

بەروار: 02/04/2026

بەمەبەستى بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە رووخانى کۆڕنیشى مارینا لەسەر رووبارى سیروان لە شارى کەلار، بە فەرمانى بەڕێز قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران، لیژنەیەک پێدەهێنرێت و وێڕاى ئەوەى لێکۆڵینەوە لەو پرسە دەکرێت، لایەنى جێبەجێکارى پرۆژەىکە پابەند دەکرێت بە دروستکردنەوەى کۆڕنیشەکە.

ئەمڕۆ (٢ى نیسانى ٢٠٢٦) سەرۆکى لیژنەکە ئەندازیار عەزیز، راوێژکارى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران، سەردانى ئیدارەى گەرمیانى کرد و لە دیدارى لەگەڵ سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان کە هەریەکە لە جێگرى سەرپەرشتیار بۆ کاروبارى هونەرى و قایمقامى قەزاى کەلار ئامادەى بوون، رایگەیاند، کارەکانى لیژنەکەیان دەستیپێکردووە و لێکۆڵینەوە دەکەن لە رووخانى کۆڕنیشى مارینا و رێکارى پێویست بەرامبەر لایەنى کەمتەرخەم دەگیرێتەبەر.

لاى خۆیەوە، بەڕێز جەلال شێخ نورى سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان، جەختیکردەوە لە گرنگەى بڕیارەکەى بەڕێز قوباد تاڵەبانى و ئامادەیی ئیدارەى گەرمیان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانى سنورەکەى دوپاتکردەوە، بۆ هاوکارى لیژنەکە و گرتنەبەرى رێکارە پێویستەکان.

وێنەکان