بەروار: 08/02/2026
ئەمڕۆ (٨ی شوباتی ٢٠٢٦) لە دیوانی ئیدارەی گەرمیانەوە ئەو کۆمەک و هاوکارییانەی لە کەمپینی گەرمیان کۆکرایەوە، رەوانەی رۆژئاوای کوردستان کرا. لە میانی بەڕێکردنی هاوکارییەکان و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوایدا بە ئامادەبوونى جێگرانى سەرپەرشتیار و ستافى کەمپینەکە، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، ئەوەی خستەڕوو، لەگەڵ ئەو هێرشانەی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد، ئیدارەی گەرمیان بە بەشداری بەڵێندران و بازرگانان و سەرمایەدار و چین و توێژەکانی تر کەمپینی گەرمیان بۆ رۆژاوای کوردستان راگەیاند و بۆ ماوەى هەفتەبەک بەردەوام بوو. ووتیشی، لە کەمپینەکەدا، ١٨ بارهەڵگرى گەورە شمەک و پێداویستى کۆکراوەتەوە و لەو ژمارەیە یەک بارهەڵگریان لە قەزاى کفرى و یەک بارهەڵگرى ترى لە قەزاى رزگارییەوە هاتووە. راشیەگەیاند: ئەو شماک و پێداویستیانەى کۆکراونەتەوە پێکدەێت لە (٢٠٦ تەن ئارد و برنج و رۆن و خۆراکی دیکە)، (٤ هەزار و ٥٠٤) پاکێجی ئامادەکراو کە خۆراکی جۆراوجۆری تێدایە، (زیاتر لە ٥ هەزار دۆشەک و بەتانی و سەرین) لەگەڵ (٣٤ بالە جلوبەرگ)، و (٢ هەزار و ٨٩٠ بەستە و کارتۆن دایبی منداڵ، ١٣ کارتۆن شیر). لەگەڵ (٦٧٣ کارتۆن دەرمانی پزیشکی) و (٥٠٠ کارتۆن چای) و چەندین پێداویستی تر. سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان ئەوەشى خستەڕوو، لە کەمپینەکەدا، بڕی ٢٠٢ ملیۆن دینار و ١٥ هەزار دۆلار بۆ رۆژئاوا کۆکراونەتەوە و بەو پارەیەش خۆراک و پێداویستى کڕدراوە بۆ رۆژئاوا هەروەها کرێی بارهەڵگرەکان و خەرجیەکانى کەمپین لەو بڕە پارەیە دەرکراوە. هاوکات، سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان سوپاسى بەڵێندەران و بازرگانان و سەرمایەداران و وەبەرهێنەران و قوتابخانە ئەهلى و حکومیەکان و دەرمانخانە و نەخۆشخانە ئەهلیەکان و سەرجەم کاسبکاران، لایەنە سیاسیەکان، رێکخراوەکان، سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت، مامۆستایانی ئاینی، سەندیکای کارمەندان و کەناڵەکانی راگەیاندن و سەرجەم چین و توێژەکانى لەپاى بەدەمەوەهاتنیان بۆ کەمپینەکە و بەخشینى هاوکارییەکان.