بەروار: 22/01/2026
ئەمڕۆ (٢٢ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٦) لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونى سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان و جێگرى سەرپەرشتیار و قایمقامى قەزاى کەلار و ژمارەویەک لە بەرپرسانى سیاسى و سەرکردە دێرینەکان و کەسایەتى و رۆشنبیران، تەرمى کۆچکردوو شێخ محمد شاکەلى، سەرکردەى دێرین و روناکبیرى گەورەى گەلەکەمان لە گوندى سەعداواى زێدى خۆى بەخاک سپێردرا.
لەمەراسیمێکەدا، بروسکەى ماتەمینى بەڕێز بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى نیشتمانى کوردستان خوێندرایەوە و تیایدا، وێڕاى ئەوەى تیشکى خستتەسەر خەبات و تێکۆشانى کۆچکردوو، نیگەرانى خۆى بۆ کۆچى دوایی دوپاتکردوەتەوە و پرسەنامەى ئاراستەى خانەوەدەکەى کرد، دواتر، ووتارى ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لەلایەن سالار مەحمود ئەندامى سەرکردایەتى و لێپرسراوى مەڵبەندى گەرمیان پێشکەشکرا و تێدا باسى لە مێژىى خەبات و تێکۆشانى شێخ محەمەد شاکەلى کرد و رۆڵى لە خزمەتکردن و بەدیهێنانى ئاشتەوایی گشتى بەرز نرخاند.
دوابەدواى ئەوەش، جەلال شێخ نورى سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان ووتارێکى پێشکەشکرد و نێگەرانى قوڵى خۆى بۆ کۆچى دوایی سەرکردە و گەورە روناکبیر شێخ محمد شاکەلى دوپاکردەوە و باسى لە خەبات و مێژووى تێکۆشانى کرد و ئەوەشى دووپانکردەوە، کۆچکردوو وەک وەزیرى ئەوقاف و وەزیرى رۆشنبیرى و راوێژکارى سەرۆکایەتى هەرێم خزمەتى گەورەى بە کوردستان و گەرمیان کردووە و جێگەى دەستى دیار بووە.
هاوکات، لە ووتارەکەدا رۆڵى کۆچکردووى بەرزنرخاند لە خزمەتکردنى بە کایەى رۆشنبیرى و ئەدەب لە رێگەى کۆمەڵەى روناکبیرى و کۆمەڵایەتى کەرکوک کە خۆى دامەزرێنەر و سەرۆکى بووە. دواتر، ووتارى بنەماڵەى شێخ محمد شاکەلى لەلایەن بەرهەم شێخ محمدى کوڕییەوە پێشکەشکرا و سوپاس و پێزارنینى بنەمەڵەکەیانى ئاڕاستەى ئامادەبووان و هاوڕێ و هاوخەباتى کۆچکردوو کرد.