بەروار: 10/11/2025
بەشی چاودێری چر لە نەخۆشخانەی گشتی کەلار کرایەوە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قایمقامی قەزای کەلار و بەڕێوەبەری گشتی تەندرووستی گەرمیان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی کەلار و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، بەشی چاودێری چر لە قەزای کەلار کرایەوە. (جەلال شێخ نوری)سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن وتی: نەبوونی ئەم بەشە لە گەرمیان کەلێنێکی گەورە بوو، بارگرانیبوو بۆ هاوڵاتیان ، کردنەوەشی پێویستییەکی گرنگ بوو، چیدیکە بۆ چاودێری چڕ پێویست ناکات نەخۆش ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی دەرەوەی کەلار بکرێت، خزمەتێکی گەورەیە سوپاسی هەموو لایەک دەکەین کە هاوکار بوون لەکردنەوەی. (د. محمد ئازاد عەلی) بەڕێوەبەری گشتی تەندرووستی گەرمیان لە کۆنگرەکەدا ڕایگەیاند بەسوپاسەوە لە سەر پێشنیاری نوسینگەی جەنابی کاک قوباد تاڵەبانی و لەسەر بودجەی مەکتەبی ئیدارە و دارایی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەشەکە کراوەتەوە و وا بڕیارە کارمەندی پێویستی بۆ دابمەرزرێنرێت. د. حارس محەمەد بەرێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی کەلار، رایگەیاند، بەخۆشحاڵیەوە ئەتوانین لەرێگەی کردنەوەی ئەم بەشەوە خزمەتێکی گەورەی گەرمیان بکەین، سوپاس بۆ مەکتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، چۆن لە ئان و ساتی بلاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا هاوکاربوون ئێستاش بۆ کردنەوە ئەم بەشە درێغیان نەکردووە. کردنەوەی بەشی چاودێری چڕ لە نەخۆشخانەی گشتی کەلار لە کاتێکدایە کە لە ماوەکانی ڕابردوودا نەخۆش و بریندرانی ڕووداوکانی هاتووچۆ ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی ئەکران،کردنەوەی ئەم بەشە لەقەزای کەلار سوودی بۆ هاوڵاتیانی قەزاکانی کەلار کفری و ڕزگاری دەبێت و دەخرێتە خزمەتیان.