لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە سەردانی ئیدارەی گەرمیان دەکات

بەروار: 29/09/2025

ئەمڕۆ (٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٥) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێشوازیکرد لە لە شاندێکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری ئەنجومەنی پارێزگای دیالە.

لەو سەردانەدا رەعد حاتم، سەرۆکی لیژنەکە جەختی لە گرنگی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان پارێزگای دیالە و ئیدارەی گەرمیان کردەوە، ئەوەی خستەڕوو، ئەمڕۆ بە مەبەستی گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی بواری ئاو لە سنوری پارێزگای دیالە سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان کردووە و دواشیکرد ئیدارەی گەرمیان هاوکاریان بێت و ئاوی پێویست بۆ کشتوکاڵی سنورەکەیان دابین بکرێت لە رێگای روباری سیروان و جۆگە ئاودێریەکانی ناوچەکە.

لای خۆیەوە جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، جەختیکردەوە، لە پتەوکردنی پەیوەندیەکانی نێوان ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای دیالە و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لە سنوری ناوچە کوردستانیەکانی دیالە و ناوچەکانی تری پارێزگاکە.

راشیگەیاند، ئێمە لێکتێگەیشتنی باشمان هەیە لەگەڵ پارێزگای دیالە بۆ دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ کەرتی کشتوکاڵ بە تایبەتی بۆ ئەوە مەبەستەش هاوکار و هەماهەنگ دەبین، ئەوەشی خستەڕوو، بە تەواوکردنی بەنداوی باوەنور و کەلار دەتوانرێت لە وەرزی باران باریندا ئاوی پێویست گل بدرێتەوە و لە وەرزەکانی تردا ئاو بۆ سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای دیالە دابین بکرێت و کێشەی کەم ئاوی لە هەردولا چارەسەر ببێت.