بەروار: 28/09/2025
ئەمڕۆ یەکشەممە ( ۲۸ ی ئەیلوولی ۲۰۲٥) بە سەرپەرشتی ساهر عەلی جاسم قایمقامی قەزای کفری و ئامادەبوونی لێپرسراوانی باڵای لیژنەی ئەمنی ڕاسپێردراو بە لێکۆڵینەوە : (نوێنەری ئاسایشی گەرمیان و ئۆپەراسیۆنەکانی سلێمانی و گەرمیان و پۆلیسی کفری) ، لە دیوانی قایمقامیەت کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ کەسایەتی و چین و توێژە جیاجیاکانی نەتەوەی عەرەبی نیشتەجێی شاری کفری بەڕێوەچوو. لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، قایمقامی قەزای کفری وتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لە پاشخانی مێژوویی پێکەوەژیان و برایەتی نێوان کورد و عەرەب کرد، ئەوەشی خستەڕوو کە ساڵانێکە بەهۆی خراپی بارودۆخی ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوه ژمارەیەکی بەرچاو خێزانیی ئاوارەی عەرەب هاتوونەتە کوردستان و کفری و لێرە وەک خاوەن ماڵ و خانەخوێ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە و هەموو جۆرە مافێکی هاوڵاتیبوونیان پێ دراوە و هیچ کات جیاوازی و هەڵاواردن نەبووە. وتیشی، ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویاندا هەمووانی دڵگران کردووە، بە دڵنیاییەوە پاراستنی ئەمنیەت و ئارامی شار و ڕۆحیەتی پێکەوەژیان لە ئەستۆی هەموومانە و ڕێگە بە هیچ پێشێلکاری و جیاکارییەک نادرێت. پاشان، ئامادەبووان و کەسایەتیە عەرەبیەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی ئیدارەی شار و هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی کفری کرد، کە ساڵانێکە ئارامی و ئاسایشیان بۆ دابین کردوون و جیاکارییان بەرامبەر نەکردوون؛ جەختیشیان کردەوە لەوەی ئەوان هەرگیز میواندۆستی خەڵکی کوردستان بە گشتی و کفری بەتایبەتی لەبیرناکەن و شاری کفری بە ماڵی خۆیان دەزانن و جێی ناهێڵن. وتیشیان، ئەم ڕووداوە نەخوازراوە وەک پرسێکی نەتەوەیی سەیرناکەین، چونکە ڕووداوی نەخوازراو لە هەموو جێیەک هەر دەبێت و چاوەڕوانین دادگا و دامودەزگا ئەمنییەکان ڕێکارە یاساییەکانی ئەم دۆسیەیە بەزوویی بگەیەننە ئەنجام و پشت ئەستوورین بە سەروەری یاسا. ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای کفری