بەروار: 25/09/2025
ئەمڕۆ (٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٥) بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قایمقامی قەزای کفری و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵا و بەڕێوەبەری دامودەزگاکانی حکومەت و کەسایەتی و چین و توێژەکان، خوێندنگەی سەردار حاجی خالد رەباتی کرایەوە. خوێندنگەکە بە بودجەی زیاتر لە ١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار لەسەر ئەرکی سەرمایەدار (سەردار حاجی خالد رەباتی) دروست کراوە و دەخرێتە خزنەتی هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکی هەواری نوێی شاری کفری. لە مەراسیمەکەدا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، سوپاسی سەرمایەدار سەردار حاجی خالد رەباتی کرد لەبەرامبەر درووستکردنی خوێندنگەکە بە شێوەی خێرخوازی و لەسەر ئەرکی خۆی و باسی لە گرنگی خوێندنگەکە کرد بۆ خزمەتی رەوشی پەروەردە لە کفری. ووتیشی، بەهەمان شێوە سوپاسی سەرمایەدار عباس حاجی فارس دەکەین کە لە ماوەی رابردوودا هەستاوە بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەک لەسەر ئەرکی خۆی لە شاری کفری بە تێچووی زیاتر لە یەک ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دینار. هاوکات راشیگەیاند، جێگەی خۆیەتی لێرەوە سوپاسی ئیدارەی گشتی یەکێتی و خودی کاک شێخ ئەحمەد حەمەکەریم بکەین لە رابردوودا لەسەر داوای ئیدارەی گەرمیان، بە بڕی ٣ ملیار دینار بەشێوەی خۆبەخشانە پرۆژەی بۆ جێبەجێ کردووین. ووتیشی، جێگەی خۆشحاڵییە لە ئێستادا بە بودجەی زیاتر لە ٢٢ ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سێکتەرە جیاجیاکاندا لە بواری جێبەجێکردندایە و لە ناحیەکانی قەزاکەشدا بە بڕی ٢٠ ملیار دینار پرۆژە لەکۆی سێکتەرەکاندا جێبەجێ دەکرێت. ووتیشی، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، ئاستەنگێکی گەورەمان بۆ دروستبوو بەهۆی قەیرانی دارایی بەنزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار لەسەر بودجەی پترۆ دۆلار پرۆژەمان هەبوو راگیران، بەڵام سوپاس بۆ کاک قوباد تاڵەبانی کە هاوکار و پشتیوانمان بوو کە ئەو پرۆژانە بخرێنەسەر وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دەست بە جێبەجێکردنیان بکرێتەوە کە لەسەر بودجەی پترۆ دۆلار تەنها لە کفری نزیکەی ٢٠ ملیۆن دۆلار پرۆژەمان هەیە و راگیراوە.