بەروار: 24/09/2025
ئەمڕۆ (٢٠٢٥/٩/٢٤) لە مەراسیمێکدا بەئامادەبوونی جێگرانی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان و بەرپرسانی لایەنی سیاسی و حکومی و دانیشتوانی رزگاری، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، هێنانەکایەی قەزای رزگاری راگەیاند. لەمەراسیمەکەدا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وێڕای ئەوەی پیرۆزبایی بە قەزابوونی رزگاری ئاڕاستەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دانیشتوانی سنورەکە کرد، باسی لە رێکارەکانی بە قەزابوونی رزگاری کرد و رایگەیاند، لە رۆژی (٢٠٢٢/٦/٥) سەردانی ناحیەی رزگاریمان کرد و لە کۆبونەوەمان لەگەڵ دامودەزگاکانی ناحیەکە، ئەوەمان راگەیاند، کە ناحیەی رزگاری بکەین بەقەزا و دواتر ئەم بابەتەمان ئاراستەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کرد و دوای ئەوەش لە ٢٠٢٢/٦/٣٠ بۆ ئەم مەبەستە نوسراومان ئاڕاستەی نوسینگەی بەڕێزیان کرد و بەسوپاسەوە بەڕێزیان پشتگیری و پشتیوانی خۆیان دوپاتکردەوە. ووتیشی، هەر لەچوارچێوەی رێکارەکان، لە ٢٠٢٥/٤/١٥ نوسراومان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کرد و بە خۆشحاڵییەوە پشتگیریان کردین و لە رۆژی ٢٠٢٥/٥/٢٥ وەڵامیان داینەوە کە رەزامەندبوون و دواتر وەزارەتی ناوخۆ رێکارەکانی بەقەزابوونی رزگاری گرتەبەر و خۆشبەختانە دوێنێ (٢٠٢٥/٩/٢٣) بەفەرمانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هێنانە کایە بۆ قەزای رزگاری کرا. سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان راشیگەیاند، لەدوای ئەم بڕیارە گرنگە بەڕێز قوباد تاڵەبانی پێیراگەیاندین، بودجەیەکی تایبەت تەرخان دەکات بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە قەزای رزگاری، ئەمەش جێگەی سوپاس و پێزانینە. ووتیشی، ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان بە بۆنەی بەقەزابوونی رزگاری سوپاسی بێ پایانمان ئاڕاستەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی و هەموو ئەو کەس و لایەنەی هاوکاربوون و سوپاسی تایبەتمان ئاراستەی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان و چالاکوانان و رۆژنامەنوسان و لایەنە سیاسیەکان و کەسایەتیەکان دەکەین کە پشتیوانی ئێمە بوون بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە گرنگە. ووتیشی، لەبەر ئەوەی رزگاری ناحیەیەکی بەرفراوان بووە و ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە ٥٠ هەزار کەسە، ژمارەی خێزان نزیکەی ١٤ هەزار خێزانە، ٧٣ گوندی هەیە کە هەمویان ئاوەدانن و کارەبا و خزمەتگوزاریان بۆ چووە، کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیانی تێدایە، هەموو ئەمانە وایکردووە لە رووی ئیدارییەوە بکرێت بە قەزا.