حەوتەمین فێستیڤاڵی بازاڕ لە گەرمیان دەستیپێکرد

بەروار: 18/11/2026

ئەمڕۆ چوارشەممە، (١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦) بەچاودێری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان، کارەکانی حەوتەمین فێستیڤاڵی بازاڕ لەشاری کەلار دەستیپێکرد.

لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا، هەریەک لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و قایمقامی قەزای کەلار و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری گەرمیان و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی دیکەی حکومی و حزبیی ئامادەبوون فیستیڤاڵەکە کرایەوە و دەستی بە کارەکانی کرد.

بەڕێز جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان سەرجەم کەپرەکانی بەشداربووی فیستیڤاڵەکەی بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە بەرهەمەکانی بینی و هیوای سەرکەوتنی بۆ بازرگانان و کاسبکاران خواست و جەختی لەوەشکردەوە، ئیدارەی گەرمیان بە گرنگییەوە لەم فیستیڤاڵە دەڕوانێت و هەمیشە هاوکار و پشتیوان دەبێت بۆ بواژنەوەی ئابوری و کەرتی تایبەت لە ناوچەکەدا.

فیستیڤاڵەکە بەبەشداری دەیان کۆمپانیا و براند و کارگەی ناوخۆیی و دەرەوە ئەنجامدەدرێت و لەگەڵ چالاکییەکانی بەبازاڕکردندا چالاکی کولتووریی و هونەری لەخۆ دەگرێت، بڕیارە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بخایەنێت  و بەرهەم و کاڵای جۆراوجۆرەکانی تێدا نمایش بکرێت و لەگەڵ ئەوەشدا کڕین و فرۆشتنی تێدا دەکرێت.