سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان رێزلێنانی بەخشییە سەرپەرشتیارانی فیستیڤاڵی بەهاری قورئان

بەروار: 22/10/2026

رۆژی (٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێشوازیکرد لە لیژنەی سەرپەرشتیاری ڤیستیڤاڵی بەهاری قورئان لە گەرمیان، کە پێکهاتوبوون لە بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان و سێ مامۆستای ئایینی.

لەو دیدارەدا، بەڕێز جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی سەرپەرشتیارانی فیستیڤاڵی بەهاری قورئان کرد و باسی لە گەورەیی و گرنگی فیستیڤاڵەکە کرد، ووتیشی، ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان هاوکار و پشتیوانی فیستیڤاڵەکە بووین و لە داهاتووشدا، پشتیوان دەبین بۆ ئەوەی بەشێوازی گەورەتر فیستیڤاڵەکە ساز بدرێت و خزمەتی گەورەتر بە قورئانی پیرۆز بکات.

لای خۆیانەوە بەڕێوەبەری گشتی ئەوقاف گەرمیان و ئەندامانی لیژنەکە ئەوەیان خستەڕوو، کار دەکەن بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا فیستیڤاڵەکە بەشێوازی گەورەتر ئەنجام بدەن، هاوکات سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانیان کرد بۆ هاوکاری و پشتیوانییەکانی کە هۆکار بوون بۆ سەرخستنی فیستیڤاڵی بەهاری قورئان.

دواتر سەرپەشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەبەرامبەر هەوڵ کۆشییان بۆ سەرخستنی یەکەمین فیستیڤاڵی بەهاری قورئان رێزلێنانی بەخشییە لیژنەکە.

رۆژی (٢٠٢٦/٨/٢٨) بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر مامۆستایانی ئایینی و هەزاران فێرخوازی قورئان کە لە مزگەوتەکانەوە خولی فێربوونی قورئانیان خوێندبوو، فیستیڤاڵی بەهاری قورئان لە شاری کەلار بەڕێوەچوو.