سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵ وەبەرهێنەران کۆبووەوە

بەروار: 08/10/2026

ئەمڕۆ (٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانی کەلار لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنی سنورەکە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان تیشکی خستەسەر گرنگی رۆڵی وەبەرهێنان بۆ بوژانەوە و پێشکەوتنی شار و شارۆچکەکان و برەودان بە کەرتی گەشتیاری و پیشەسازی و کشتوکاڵی بوارەکانی تر، جەختی لەوەشکردەوە، ئیدارەی گەرمیان و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان هەمیشە هاوکار و پشتیوان دەبن بۆ زیاتر گەشەکردنی وەبەرهێنان و چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی بۆ وەبەرهێنەران دێنە پێش بەئامانجی زیاتر برەودان بە کەرتی وەبەرهێنان لە گەرمیان.

هەر لە کۆبووەنەوەکەدا، بەڕێز جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند، لە ئێستادا بۆ رێکخستنەوەی کارەکانی وەبەرهێنان لەسەر راسپاردەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت،  بۆردێکی تایبەت بە وەبەرهێنانیان لەگەرمیان دامەزراندووە کە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان  تێدا ئەندامن و بۆردەکە بەردەوام کۆبونەوەی خۆی ئەنجام دەدات و بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی وەبەرهێنان دەکات و چارەسەری پێویستیان بۆ دەدۆزێتەوە.

لای خۆیانەوە، وەبەرهێنەران باسیان لە پرۆژەکانیان و بارودۆخی کەرتی وەبەرهێنان بە گشتی کرد و جەختیان کردەوە لە گرنگی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان وەبەرهێنەران و دامودەزگاکانی حکومەت لە پێناو چارەسەری کێشە و گرفتەکانی وەبەرهێنان و زیاتر گەشەکردنی کەرتی وەبەرهێنان لە سنورەکە.


دواتر ژمارەیەک داواکارییان ئاڕاستەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان کرد کە پەیوەست بوون بە چارەسەری گرفتەکانیان و راییکردنی کارەکانیان. لای خۆیەوە،  سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئەوەی خستەڕوو کار لەسەر جێبەجێکردنیان دەکەن.