ئامادەکاری بۆ وەرزی باران بارین دەکرێت

بەروار: 06/10/2026

بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەرپرسانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان کۆبووەوە، بە مەبەستی ئامادەکارییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی لافاو.

ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، کۆبوونەوەیەک بە سەرپەرشتی عەتا محەمەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و ئامادەبوونی پارێزگاری هەڵەبجە، جێگری پارێزگاری سلێمانی، سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، و سەرۆکی شارەوانییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و رانیە و کەلار، و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی شارەوانییەکان و ئاوەدانکردنەوە و رێگەوبان، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی و بەڕێوەبەری ئاودێری سلێمانی و گەرمیان بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەکە بە مەبەستی ئامادەکاریی بوو بۆ وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ و رووبەڕووبوونەوەی ئەگەرەکانی دروستبوونی لافاو. هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دابینکردنی بودجە و پێداویستی بەڕێوەبەرایەتییەکان کرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی لافاو، پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان و لابردنی زیادەڕۆییەکانی بەردەم رێڕەوەکانی ئاو.

وێنەکان