پرۆسەی دابەشکردنی بانزینی پاڵپشتیکراو لە گەرمیان ڕێکدەخرێت
بەروار: 29/09/2026
پرۆسەی دابەشکردنی بانزینی پاڵپشتیکراو لە گەرمیان ڕێکدەخرێت
ئەمڕۆ (٢٩ی ئەیلول) بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیداری گرمیان لیژنەی باڵای سوتەمەنی لە دیوانی ئیدارەی گەرمیان بەمەبەستی ڕێکخستنی زیاتری پرۆسەی دابەشکردنی بانزین لە ئیدارەی گەرمیان کۆبوونەوە.
لە کۆبونەوەکەدا کە هەریەک لە قایمقامی قەزای کەلار و کفری و ڕزگاری وبەرێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان و بەڕێوەبەری پۆلیسی نەوت و گاز و بەرێوەبەەی کاروباری ناوخۆ لە ئیدارەی گەرمیان و نوێنەری ئابوری ئاسایش بەشداربوون ، لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان تیشکی خستە سەر پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراو لە ماوەی ڕابردوودا، هەروەها ئامادەکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان سەبارەت بە دابەشکردنی نەوتی سپی و کۆگاکردنی غازی شل بۆ وەرزی زستان.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ ئەو مەبەستە و لە پێناو باشتر بەڕیوەچوونی پرۆسەکە و سودمەندبوونی زیاتری هاوڵاتیان لایەنەپەیوەندیدارەکان و بەشدار لە کۆبونەوەکەی ڕاسپارد ئامادەکاری پێویست لەو بارەیەوە بکەن، میکانیزمێکی گونجاو بۆ ئەو مەبەستە جێبەجێ بکەن.
دوای گفتوگۆی ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە بڕیاردرا لەسەر ئەم ڕێکارانەی لای خوارەوە:
١- لە ڕۆژی یەکشەممە ٤ ی تشرینی یەکەمەوە بە هەموو شێوەیەک نۆرەگرتنی ئۆتۆمبێل قەدەغە دەبێت و هەر ئۆتۆمبێلێک لە وێستگەکانی سوتەمەنیدا نۆرەبگرێت لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
٢- خشتەی دابەشکردنی بەنزین گۆڕانکاری تێدا دەکرێت و بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیان بە هەماهەنگی لەگەڵ قائیمقامیەتی قەزاکان و ڕۆژانە خشتە دادەنرێت و پێش دەستکردن بە دابەشکردن بە کاتژمێرێک لەهەمان ڕۆژدا ناوی وێستگەکان ڕادەگەیەنرێت.
٣- هەفتانە لە یەک ڕۆژدا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بەنزین بەسەر ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆدا دابەشدەکرێت لە دوو وێستگەدا و لە نزیکترین کاتدا وێستگەکان دیاریدەکرێن .
٤- بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیان ڕێکاری وردتر بۆ پرۆسەی دابەشکردنی بەنزین و نۆرەگرتنی شۆفێران ئامادە دەکات و بڵاوی دەکاتەوە.
٥- بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی گەرمیان بەردەوام بێت لە کۆگاکردنی غازی شل بۆ وەرزی زستان.
٦- ئامادەکارییەکان تەواوبکرێن بۆ پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی.