دوای سەردانەکەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی بۆ گەرمیان کارکردن لە رێگای صاڵح ئاغا دەستیپێکردەوە

بەروار: 15/09/2026

ئەمڕۆ (١٥ی ئەیلولی ٢٠٢٦) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەیاوەری بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان و بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتوو و بەڕێوەبەری رێگاوبانی گەرمیان، پرۆژەی دووسایدکردنی رێگای صاڵح ئاغا- گردەگۆزینەی بەسەرکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی پرۆژەکە بەهۆی گرفتی داراییەوە کارەکانی راگیرا و ئەمڕۆ جارێکی تر بەگەڕخرایەوە.

لە میانی سەردانەکەیدا بۆ سەر پرۆژەکە، بەڕێز جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەماوەی رابردوودا پرۆژەی دوسایدکردنی رێگای صاڵح ئاغا چووە بواری جێبەجێکردنەوە بەڵام بەهۆی کێشەی داراییەوە کارەکانی پرۆژەکە راگیرا، خۆشبەختانە دوای سەردانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ گەرمیان کە لەو سەردانە بڕیاریدا چەندین پرۆژە بەگەڕبخرێنەوە و بودجەیان  بۆ دابینبکرێت، ئەمڕۆ کارکردن لە پرۆژەی دوسایدکردنی رێگای صاڵح ئاغا دەستیپێکردەوە و چەندین پرۆژەی تریش کارکردن تێیاندا دەست پێدەکاتەوە.

ووتیشی ئەم پرۆژەیە، پرۆژەیەکی گرنگە لەبەر ئەوەی رێگای بازرگانی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانی لەسەرە و هاوکات رێگای بازرگانیشە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، پرۆژەکە بەشێوەیەکی جوان و فراوان دروست دەکرێت و بەچەند قۆناغێک جێبەجێدەکرێت، کە ئەمڕۆ کارکردن لە قۆناغی یەکەمی دەستیپێکردەوە.