بینای نوێی پەیمانگای هیوای نابیستان لە گەرمیان کرایەوە

بەروار: 15/09/2026

رۆژی (١٤ی ئەیلولی ٢٠٢٦) بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، لەلایەن وەزیری کار و کارباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بینای نوێی پەیمانگای هیوای نابیستان لە کەلار کرایەوە.

لەو مەراسیمەدا، کە بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتەکە و بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان و ژمارەیەک لە چین و توێژەکانی تر ئامادەی بوون، بینای پەیمانگاکە کرایەوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی باسی لە قوتابخانەی نابیستان و رۆڵی بینای نوێی پەیمانگەکە کرد بۆ خزمەتی نابیستانی سنورەکە و هاوکات سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانی کرد کە هەمیشە هاوکاریان بووە بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کاروباری دامودەزگاکانی وەزارەتی کار لە سنوری ئیدارەی گەرمیان.

هاوکات، هەر ئەمڕۆ لەلایەن وەزیری کارەوە سەنتەری راهێنانی کار لە قەزای خانەقین کرایەوە، کە رۆڵی باشی دەبێت لە خزمەتکردنی خانەقین و ناوچەکانی دەوروبەری.

پەیمانگای هیوای نابیستان لە ساڵی ٢٠١٢ و لە گەرمیان کراوەتەوە و بینای تایبەت بەخۆی نەبووە، لەمساڵی خوێندنەوە هاوتەریب لەگەڵ ناوەندەکانی خوێندنی پەروەردە لە بینای نوێیدا قوتابخانەی هیوای نابیستان خوێندن دەست پێدەکات.