سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان سەردانی قەزای رزگاری کرد و کۆبونەوەی بۆردی وەبەرهێنانی ئیدارەی گەرمیان لە رزگاری بەڕێوەچوو

بەروار: 06/08/2026

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان سەردانی قەزای رزگاری کرد و کۆبونەوەی بۆردی وەبەرهێنانی ئیدارەی گەرمیان لە رزگاری بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ (٦ی ئابی ٢٠٢٦) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان سەردانی قەزای رزگاری کرد و بەئامانجی باشتر بەڕێوەچوونی کارەکان و زیاتر پەرەپێدانی کەرتی وەبەرهێنان لە قەزای رزگاری، بەئامادەبوونی جەمال صاڵح، قایمقمامی قەزای رزگاری کۆبوونەوەی بۆردی وەبەرهێنانی ئیدارەی گەرمیان لە رزگاری بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، تیشکی خستەسەر گرنگی قەزای رزگاری کە وەک قەزایەکی نوێ لە ئیدارەی گەرمیان گەشەکردنی باشی بەخۆوە بینیوە، هاوکات سوپاسی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی کرد لەبەرامبەر پشتیوانیی و هەوڵەکانی بۆ خزمەتی قەزاکە.
دواتر لە کۆبوونەوەکەدا، قایمقامی قەزای رزگاری باسی لە پێداویستی و داواکارییەکانی قەزای رزگاری کرد و هەروەها لەلایەن بۆردی وەبەرهێنانەوە تیشکخراسەر کار و پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە سنوری قەزای رزگاری.

جەختیشکرایەوە لەبەگەڕخستنی هەوڵی هەمەلایەنە بۆخزمەتی باشتر و بەرفراوانتری قەزای رزگاری لە بواری و وەبەرهێنان و بوارەکانی تر بە گشتی.

قەزای رزگاری یەکێکە لەو قەزایانەی هەرێمی کوردستان ژمارەیەکەی زۆر پرۆژەی بواری وەبەرهێنانی تێدایە کە خۆی دەبینێتەوە لە ٢٧ پرۆژەی وەبەرهێنان، بەجۆرێک پێنج پرۆژەی نیشتەجێبوون و ٢٠ پرۆژەی کارگەی پیشەسازی و دوو پرۆژەی بوارەکانی تری تێدایە ئەمەش خزمەتێکی باش بە سنورەکە دەکات.