بەروار: 20/05/2026
بۆ پاراستنی زیاتری ژینگەی گەرمیان بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی گەرمیان (١٢) بلاوەری هەوای ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی گەرمیان کرد.
ئەمڕۆ (٢٠ی ئایار) لە دیوانی ئیدارەی گەرمیان ، بە ئامادەبوونی بەڕێز سەرپەرشتیاری ئیداری گەرمیان و جێگری سەرپەرشتیار بۆ کاروباری هونەری و جێگری سەرپەرشتیار بۆ کاروباری کارگێری و بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ لە ئیدارەی گەرمیان، بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی گەرمیان (١٢) ئامێری ئاگرکوژێنەوەی (بلاوەر) ی ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی گەرمیان کرد.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وێرای سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی گەرمیان هەنگاوەکەی بە هەماهەنگییەکی دڵسۆزانە لەپێناو پاراستنی ژینگەی گەرمیان وەسف کرد، وتیشی ئومێد دەکەین ڕۆڵی هەبێت لە بەرزترکردنەوەی توانای تیمەکانی بەرگری شارستانی گەرمیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرکەوتنەوە لە سنوورەکە.
گەرمیان هەنگاو بۆ وەرزی هاوین دەنێت و لە وەرزی دروێنەدایە، ساڵانە لەم وەرزەدا ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە ڕوودەدەن و زیان بە دەغل و دان و سرووشتی گەرمیان دەگەیەنن، ڕادەستکردنی ئەم ئەم ئامێرانە بە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی گەرمیان هەماهەنگییەکە بۆ بەرزترکردنەوەی توانای تیمەکانی بەرگری شارستانی ، بەتایبەت بۆ ئەو جێگایانەی کە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە با ئاسانی ناتوانن پێی بگەن.