موچەى چوار مانگی ژینگەپارێزانی نەخۆشخانەکان خەرج کرا و ئەمڕۆ موچەکەکانیان وەرگرت

بەروار: 19/05/2026

دواى ئەوەى لە چەند رۆژى رابردوودا، ژینگەپارێزانى ناو نەخۆشخانەکانى کەلار بەهۆى وەرنەگرتنى موچەکانیان بۆ ماوەى چوار مانگ، بەوهۆیەوە هاتنە ئیدارەى گەرمیان و داواى خەرجکردنى موچەکانیان کرد، بۆ ئەو مەبەستە ئیدارەی گەرمیان هەولی جدی دا بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان و خەرج کردنی موچەکانیان، نوسینگەى بەڕێز قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران، هاتنەر سەر هێڵ و پاش بەدواداچوون و هەوڵەکان سەردانی نوێنەری ئیدارەی گەرمیان و تەندروستی گەرمیان بۆ وەزارەتی دارایی، لە وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمەوە مامەڵەکان تەواوکرا و فەرمانى خەرجکردنى موچەکانیان درا و ئەمڕۆ موچەی چوار مانگیان وەرگرت.

بەپێى رێکارە داراییەکان ئەو ژینگەپارێزانە موچەى مانگەکانى (١ تا ٤ى ٢٠٢٦) یان بۆخەرجکرا کە کۆى گشتى موچەکانیان بۆ ئەو چوار مانگە (٢٦٦ ملیۆن و ٥٥٠ هەزار دینارە) لەگەڵ ئەوەشدا رەزامەندى خەرجکردنى موچەی مانگەکانى تریشیان دراوە.

لای خۆشیەوە، د.حارس محمەد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی کەلار لە لێدوانێکیدا بۆ سایتی ئیدارەی گەرمیان، سوپاسی هەوڵەکانی نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئیدارەی گەرمیان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد بۆ خەرجکردنی موچەی ژینگە پارێزەکان و ئەوەشی دوپاتکردەوە، ژینگە پارێزەکان لە ئێستادا لە نەخۆشخانەکان خزمەت دەکەن و ئەرکەکانی خۆیان رایی دەکەن.