بەدانانی تاجەگوڵینە یادی ٣٨ ساڵەی تاوانی ئەنفال لە گەرمیان كرایەوە

بەروار: 14/04/2026

بەیانی ئەمڕۆ ١٤/٤ لەمەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لەکەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و جێگری سەرپەرشتیار و قایمقامی قەزای کەلار و قایمقامی قەزای رزگاری و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەری دامودەزگا ئەمنییەکان و رێکخراوەکانی بواری ئەنفال، بەدانانی تاجگوڵینەی رێز و وەفاداری لە مەزارى پیرۆزى ئەنفالکراوان یادی ٣٨ ساڵەی تاوانی ئەنفال کرایەوە.

لەمیانەى بەڕێوەچوونى مەراسیمى دانانى تاجەگوڵینە بەڕێز جەلال شێخ نورى سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان، لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ یادى مەرگەساتى گەلى کورد کە رژێمى بەعس ٣٨ ساڵ پێش ئێستا دەستیکرد بە راگواستنى گوندەکان و کەسوکارەکانمانى راپێچى خوارووى عێراق کرد و لەژێر ناوى ئەنفال هەموویانى زیندە بەچاڵ کرد، بەم بۆنە خەمناکەوە سەرى رێز و نەوازش بۆ شەهیدانى ئەنفال دادەنوێنین.

ووتیشى، لەم رۆژەدا داوا لە حکومەتى عێراق دەکەین قەرەبووى مادى و مەعنەوى کەوسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان بکاتەوە و ئێمەش لە ئیدارەى گەرمیان پشتیوانى داخوازییەکانى کەسوکارى ئەنفالکراوان دەکەین بۆ هێنانەوەى روفاتى ئازیزانمان و کەیسى ئەنفال لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى بە جینۆساید بناسێنرێت.

راشیگەیاند، بە سوپاسەوە لەسەر بڕیارى بەڕێز قوباد تاڵەبانى مۆنۆمێنتى ئەنفال چوتە بوارى جێبەجێکردنەوە و زەوى بەسەر کەسوکارى ئەنفالکراوان دابەشکراوە و گوندەکانى سنورەکەمان کە لە شاڵاوەکانى ئەنفال روخێنران، ئاوەدانکراونەتەوە وکارەباىان بۆ راکێشراوە و بەگشتى ئەو بەڵێنانەى لە رابردوودا دراون کاریان لەسەکراوە.

سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان ئەوەشى ووت، لەبەر ئەوەى بەفەرمى ساڵێک لە چەمچەماڵ و ساڵێک لەگەرمیان یادى ئەنفال دەکرێتەوە و ئەمساڵ یادى فەرمى حکومەت لە چەمچەماڵە و هەروەها لەبەر جەنگ و بارودۆخى ناوچەکە، وەزارەتى ناوخۆ دروستکردنى قەرەباڵخى قەدەغە کردووە، ئەمڕۆ هیچ مەراسیمێکى فەرمى لە گەرمیان نییە و تەنها لەبەر خۆشەویستى کەسوکارى ئەنفالکراوان و رێزگرتن لە رووحى پەپولە ئاساى ئەنفالکراوان، پێمانخۆش بوو بەدانانى تاجەگوڵینە ئەم یادە بکەینەوە.