پەیامی ئیدارەی گەرمیان لە ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژناندا

بەروار: 08/03/2026

بەبۆنەی (٨)ی مارس رۆژی جیهانی ژنان، بەناوی ئیدارەی گەرمیانەوە پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاڕاستەی ژنانی گەرمیان و کوردستان دەکەین و ئەم رۆژە مێژووییە بەرز دەنرخێنین.


٨ی مارس لە مێژووی جیهاندا رۆژێکی گەورە و گرنگ و پڕشکۆیە، سیومبڵێکە بۆ خەبات و تێکۆشانی ژنان لەپێناو فەراهەمکردنی مافەکانیان و رەخساندنی دەرفەتی لەبار تا بتوانن لە کایە جیاجیاکاندا رۆڵی کارایان هەبێت، بۆیە لەم سۆنگەیەوە دەبێت پشتیوانی ئەو بزوتنەوە و رێکخراوانە بکرێت کە داکۆکیکاری راستەقینە و سەرسەختی ژنانن و لەو پێناوەدا خەبات دەکەن .


ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان بە گرنگییەوە لە رۆڵ و پێگەی ژنان دەڕوانین و خۆشحاڵ دەبین ژنانمان زیاتر بەشدرییان هەبێت لە سیاسەت و ئیدارە و کاری رێکخراوایی و بوارەکانی وەرزش و رۆشنبیری و هونەر و سەرجەم بوارەکانی تر، تا بتوانن لەخزمەتکردن و پێشخستنی ووڵاتەکەمان بەشداری کاراتریان هەبێت و جێگەی دەستیان دیار بێت.


دووبارە بەرز و پیرۆز بێت ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژنان.


جەلال شێخ نوری 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان
٢٠٢٦/٣/٨