بەروار: 26/02/2026
بەبۆنەی یادی ٥٦ ساڵەی رۆژی کەلارەوە، بەشێک لە مامۆستا و فێرخوازانی هەریەکە لە باخچەی مناڵانی بەرسیلە و قوتابخانەی وانۆی ناحکومی، سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان کرد و بەچەپکە گوڵ و تابلۆی قەڵای شێروانە پیرۆزبایی ئەو رۆژەیان ئاڕاستەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و جێگری سەرپەرشتیار بۆ کاروباری کارگێڕی کرد. لەبەرامبەردا، بەڕێز جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، پیرۆزبایی یادی ٥٦ ساڵەی رۆژی کەلاری لێکردن و هیوای بوژانەوە و ئاوەدانیی و ئایندەی گەشی بۆ شاری کەلار خواست و وێڕای ئەوەی دەستخۆشی لێکردن بۆ سەردانەکەیان و پێشکەشکردنی دیاریەکەیان، ئومێدی خواست سەرکەوتوو بن و لە دواڕۆژدا بتوانن خزمەتی کەلار و گەرمیان و ووڵاتەکەمان بەگشتی بکەن. رۆژی ٢٨ی شوباتی ١٩٧٠ لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی عێراقەوە کەلار کرا بە قەزا، ساڵانە بەبۆنەی ئەو رۆژەوە، لەلایەن قایمقامیەتی قەزای کەلار و دامودەزگاکان و خوێندنگە و قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان و ناوەندەکانی تر، بە چالاکی جۆراوجۆر یادی رۆژی کەلار دەکرێتەوە.