بەروار: 29/01/2026
ئەمڕۆ (٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦) دوای ئەوەی بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان بە کەفالەت ئازاد کرا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەیاوەری جێگرانی سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری پۆلیسی گەرمیان سەردانی کرد. لەو سەردانەدا، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، خۆشحاڵی خۆی پیشاندا بۆ ئازادبوونی بەڕێوەبەری گشتی و هاوکارەکانی، ووتیشی، ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان لە ماوەی رابردوودا ئاگاداری ووردەکاری کارەکانی بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵین ئەو کەسێکی پاک و نەزیهە و بەباشی کارەکانی راییکردوە و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ دەخوازین. ووتیشی، یاسا سەروەرە و ئێمە وەک حکومەت رێز لە بڕیاری دادگاکان دەگرین و هەر بەرپرسێکی سنورەکە دادگا بانگهێشتی بکات دەبێت بڕواتە بەردەم دادگا و جێگەی دەستخۆشیە بەڕێوەبەری گشتی بەدەم بڕیاری دادگاوە رۆشتووە. لای خۆشیەوە، شادیە حسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی گەرمیان سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و شاندی یاوەری کرد بۆ سەردانەکەیان و بەدەمەوەهاتنیان بۆ کێشەکە.