سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان پێشوازیکرد لە بریکاری وەزارەتی تەندروستی و وەفدی یاوەری

بەروار: 12/10/2025

ئەمڕۆ (١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥) بریکاری وەزارەتی تەندروسی حکومەتی هەرێم بەیاوەری بەرپرسی بۆردی تەندروستی لە نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کرد و لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە پێشوازیان لێکرا.


لە دیداری نێوانیان کە هەریەکە لە جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ کاروباری هونەری و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان و بەڕێوەبەر بەشێک لە نەخۆشخانە و دامودەزگا تەندروستیەکان ئامادەی بوون، باس لە کێشەو گرفتەکانی بواری تەندروستی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان کرا و جەخت لە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردولا بۆ خزمەتی کەرتی تەندروستی کرایەوە.


د.رەهێڵ فەرەیدون بریکاری وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، ئەمڕۆ بەمەبەستی پشتیوانیکردنی بەڕێوەبەری گشتی نوێی تەندروستی گەرمیان و بەئاگابوون لە کێشە و گرفتەکان و لەبەرچاوگرتنی داواکارییەکان سەردانی گەرمیانیان کردووە.


هاوکات بریکاری وەزارەتی تەندروستی سوپاسی ئیدارەی گەرمیانی کرد لە بەرامبەر هەماهەنگی و هاوکارییەکانی بۆ کەرتی تەندروستی لە سنورەکە، جەختی لەوەشکردەوە، وەزارەتی تەندروستی هەوڵەکانی بەگەڕدەخات بۆ خزمەتکردنی کەرتی تەندروستی لەسنورەکە و دابین کردنی پێداویستیەکان.


لەبەرامبەردا، جەلال شێخ نوری سەپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وێڕای ئەوەی بەخێرهاتنی بریکاری وەزیری تەندروستی کرد، باسی لە کێشە و گرفتەکان کرد و ئەوەشی دوپاتکردەوە، ئیدارەی گەرمیان وەک هەمیشە هاوکار دەبێت بۆ کارکردن لەسەر چارەسەری کێشە و کەموکورتیەکانی تەندروسی لە گەرمیان.


هەر لە دیدارەکەدا، جەختکرایەوە لە کارکردن لەسەر پلانی نوێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان بە ئامانجی باشتر خزمەتکردنی سنورەکە لە بواری تەندروستی.