بەروار: 07/10/2025
ئەمڕۆ (٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥) لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قایمقامی قەزای کەلار و ژمەرەیەک لە بەڕێوەبەری دامودەزگاکان و بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی و چین و توێژە جیاوازەکان، خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە ٢٥ مامۆستای ئایینی سنوری گەرمیان کە لە ساڵانی رابردوودا خانەنشین بوون. مەراسیمەکە بە چاودێری ئیدارەی گەرمیان و بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی گەرمیان، لەلایەن لقی گەرمیانی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلام و لەژێر دروشمی (خزمەتی پیرۆزتان لەیاد ناکەین) ئەنجامدرا. لەمەراسیمەکەدا هەریەکە لە مەلا ئیدریس ژاڵەیی، لێپرسراوی لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان و بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی گەرمیان ووتاری خۆیان پێشکەشکرد تیایدا تیشکیان خستەسەر رۆڵی مامۆستایانی ئایینی. دواتر جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ووتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، خۆشحاڵین ئەمڕۆ لە بۆنەیەکی جوان و وەفاداری کۆبوینەتەوە، کە خەڵاتی رێزلێنان پێشکەش بە مامۆستایانی ئاینی خانەنشین دەکرێت، کە بێگومان ئەم مامۆستایانە مێژوویەکی جوانیان هەیە لە خزمەتی ئاین و مزگەوتەکان و گەیاندنی پەیامی پیرۆزی ئیسلام بە نەوە دوای نەوەی کۆمەڵگەکەمان.
ووتیشی، ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان بە گرنگییەوە لەم بۆنە دەڕوانین و لەگەڵ ئەوەشدا هاوکار و پشتیوان دەبین بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی گەرمیان و لقی گەرمیانی یەکێتی زانایان بۆ هەر پرۆژە و کاروچالاکییەک خزمەت بە مامۆستایانی ئایینی و ئاینی پیرۆزی ئیسلام بکات. دواتر خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە ئەو مامۆستا ئاینیانەی سنوری گەرمیان کە لەساڵانی رابردوودا خانەنشین بوون.