بەروار: 07/10/2025
لەسەر بنەماى بڕیار و راسپاردەکانى (لیژنەى باڵاى ئەمنى سەرپەرشتى هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ٢٠٢٥) کە لە کۆبوونەوەى دوێنى (٦/١٠/٢٠٢٥)ى لیژنەکەدا پەسەندکراون، ئەمڕۆ (٧ى تشرینى یەکەمى ٢٠٢٥) بەسەرپەرشتى بەڕێز سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان و بە ئامادەبوونى بەڕێزان سەرۆکى یەکە ئیدارییەکان و بەڕێوەبەرى دامودەزگاکانى ئاسایش و ناوخۆ، لەدیوانى ئیدارەى گەرمیان، لیژنەى ئەمنى ئیدارەى گەرمیان کۆبوونەوەیەکى ئەنجامدا بۆ گرتنەبەرى رێکارى پێوست. لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت کرایەوە لە گرتنەبەرى رێکارە ئەمنییەکان بۆ جێبەجیکردنى رێنماییەکانى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان و رێکارەکانى لیژنەى باڵاى ئەمنى سەرپەرشتى هەڵبژاردنەکانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق ٢٠٢٥، ئەوەش لە پێناو بەڕێوەچوونى بانگەشەى هەڵبژاردن و پرۆسەى دەنگدان لە رۆژى ١١/١١/٢٠٢٥ بەشێوەیەکى ئارام و لەژێر رێوشێونى پێوستى ئەمنیدا، لەکۆبوونەوەى لیژنەى ئەمنى ئیدارەى گەرمیان ئەم بڕایارنەى لاى خوارەوە دران: ١. پابەند بوونى سەرجەم لیست و قەوارە و کاندیدەکان بە رێنماییەکانى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق و بەپێچەوانەوە لایەنى سەرپێچیکار رێکارى یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
٢. راسپاردنى هێزەکانى ئاسایش و ناوخۆ بەپێى پلانى پەسەندکراو بۆ گرتنەبەرى رێکارى پێویستى تایبەت بە پاراستنى ئەمنیەتى بانگەشەى هەڵبژاردن و پرۆسەى دەنگدان.
٣. بەهەموو شێوەیەک بەکارهێنانى بیناى دامودەزگاکانى حکومەت بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن قەدەغەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بەکارهێنانى ئۆتۆمبیلى میرى دامودەزگاکانیش قەدەغەیە، بەپێچەوانەوە لایەنى سەرپێچیکار لێپێچینەوەى یاسایی لەگەڵدا دەکرێت.
٤. دەبێت هەموو لایەک پابەند بێت بە رێنماییەکانى هاتوچۆى گەرمیان و شارەوانەییەکانى سنورەکە لە کاتى دانانى پۆستەر و فلێکس بەجۆرێک بێت سەرپێچى تێدا نەکرێت. ٥. پێویستە سازدانى ئاهەنگ و کۆبوونەوەى جەماوەرى قەوارە سیاسییەکان لەشوێنێک بێت نەبێتە هۆی گرتنی رێگا و هاتوچۆی هاوڵاتیان، بانگەشەی کەژاوی ئۆتۆمبیلی لایەنەکانیش تا کاتژمێر ١٢ی شەو رێگەی پێدەدرێت. ٦. بەپێى رێنماییەکانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بردنە ژوورەوەى موبایل بۆ ناو بنکەکانى دەنگدان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە و پێوستە دەنگدەران بەبێ موبایل بڕۆن بۆ دەنگدان. لیژنەى ئەمنى ئیدارەى گەرمیان ٧/١٠/٢٠٢٥