سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان لەگەڵ رێکخراوى داکۆکى لە پرسى ئەنفال کۆبوەوە
4 / 6 / 2025
ئەمڕۆ (٢ى حوزەیرانى ٢٠٢٥) رێکخراوى داکۆکى لە پرسى ئەنفال بەیاوەرى ژمارەیەک لە کەسوکارى ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسى ناحیەى سەرقەڵا سەردانى ئیدارەى گەرمیانیان کرد. لە میانى کۆبونەوەى لەگەڵیاندا، جەلال شێخ نورى سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیان رایگەیاند، جێگەى دەستخۆشییە ئەنجومەنى وەزیران بڕیاریدا بە پێدانى زەوى بە سودمەندبوانى ناحیەى سەرقەڵا لە کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسیى کە داوایان دەکرد فەرمانى پێدانى زەوییەکانیان لە ناحیەى سەرقەڵاوە بگواسترێتەوە بۆ ناحیەى رزگارى. ووتیشى، دیارە ئەمەش دواهەمین قۆناغى سودمەندبوانى گەرمیانە کە لە ساڵانى رابردوودا بە فەرمانى بەڕێز قوباد تاڵەبانى دران بە کەسوکارى ئەنفالکراوان و شەهیدان و راگیراوانى ئەنفال و زیندانیانى سیاسى، کە کۆی گشتی ژمارەیان زیاتر لە دوو هەزار و ٤٠٠ سودمەندبوو بووە. ووتیىشى، ئێمە لە ئیدارەى گەرمیان سوپاس و پێزانینمان هەیە بۆ کەسوکارى سەربەرزى ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسى و راگیراوانى ئەنفال و رێکخراوەکانى بوارى ئەنفال، کە هەمیشە هاوکار و پشتیوانمان بوون بۆ راییکردنى چالاکییەکان و کاروبارەکانى تایبەت بە بوارى ئەنفال، ئەوەشى پێمان بکرێت بۆ خزمەتى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان درێغى ناکەین و کارى جدى لەسەر داخوازییەکانیان دەکەین. لاى خۆیانەوە، سەرۆکى رێکخراوى داکۆکى لەپرسى ئەنفال و کەسوکارى ئەنفالکراوان و زیندانیانى ئەنفال، سوپاسى سەرپەرشتیارى ئیدارەى گەرمیانیان کرد بۆ بەجێگەیاندنى بەڵێنەکەى بۆ گواستنەوەى فەرمانى زەوییەکانیان بۆ ناحیەى رزگارى و هەوڵەکانى بۆ خزمەتى پرسى ئەنفال.
|
|
|