سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان رێزلێنانی بەخشیە یانەی شێروانە و یاریزانەکانی خەڵات کرد
22 / 5 / 2025
ئەمڕۆ (٢١ی ئایاری ٢٠٢٥) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە ئامادەبوونی جێگری سەرپەرشتیار بۆ کاروباری هونەری، پێشوازی کرد لە دەستەی کارگێڕی و یاریزانانی یانەی شێروانە و بەبۆنەی بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی خولی نایابی کوردستان رێزلێنان و دیاری تایبەتی بەخشیە یانەکە. لە رێورەسمەکەدا، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ووتی، بەناوی ئیدارەی گەرمیانەوە جارێکی پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەین بە بۆنەی بوون بە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان، ئەم سەرکەوتنە مێژووییە جێگەی دەستخۆشی و بەرز نرخاندنە. ووتیشی، مایەی خۆشحاڵیە بواری وەرزش لە گەرمیاندا لە ئاستێکی باشدایە و ئێمەش لە ئیدارەی گەرمیان پشتیوان و هاوکاری یانەکانی سنورەکەمان و وەرزشکاران بەگشتی دەبین، ئەوەش لەپێناو زیاتر گەشەپێدانی بواری وەرزش. لەبەرامبەردا، تەلعەت سەعدوڵا ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانەی شێروانە بە ناوی یانەکەوە سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانی کرد لە بەرامبەر هاوکاری و هەماهەنگی بەردەوام بۆ یانەکەیان و باسی لە پلانی یانەی شێروانە کرد بۆ بەشداری لە پاڵەوانیەتیەکاندا. دواتر، جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان خەڵاتی رێزلێنانی بەخشیە یانەی شێروانە و دیاری تایبەتی بەخشیە سەرجەم یاریزانەکان و دەستەی کارگێڕی یانەکە. هاوکات، یانەی شێروانە خەڵاتی رێزلێنانی بەخشیە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەبەرامبەر هاوکاری و پشتیوانیەکانی بۆ یانەکەیان.
131 جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|