كێشه و كه‌موكورتییه‌كانی پرۆژه‌ی تابلۆ سیتی ده‌خرێته‌ڕوو
16 / 8 / 2017
ئه‌مڕۆ (16ی ئاب) لیژنه‌ی به‌دواداچوونی كه‌موكورتییه‌كانی پرۆژه‌ی تابۆ سیتی له كه‌لار، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا باسی له كاره‌كانی كرد.
له كۆنگره رۆژنامه‌نوسییه‌كه‌دا، نه‌جم عه‌بدوڵا قایقمقام له دیوانی ئیداره‌ی گه‌رمیان و سه‌رۆكی لیژنه‌كه رایگه‌یاند: پرۆژه‌ی تابلۆ سیتی كه پێشتر ناوی كه‌لاره نوێ بووه، له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا چۆته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه و دواتر راده‌ستی به‌شداربووانی كراوه.
ووتیشی "دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش ژماره‌یه‌ك له به‌شداربوویه‌كی پرۆژه‌كه هاتنه ئیداره‌ی گه‌رمیان سكاڵایان له‌سه‌ر كه‌موكورتییه‌كان هه‌بوو، دواتر ئیداره‌ی گه‌رمیان لیژنه‌یه‌كی ئه‌ندازیاری پسپۆری پێكهێنا به‌مه‌به‌ستی ده‌ستنیشانكردنی كێشه و كه‌موكورتییه‌كانی پرۆژه‌كه".
سه‌رۆكی لیژنه‌كه ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌و كاته‌ی پرۆژه‌ی تابلۆ سیتی ده‌ستپێكرد، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وه‌به‌رهێنانی گەرمیان دانه‌مه‌زرا بوو، بۆیه له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنانی سلێمانییه‌وه چاودێری كراوه ئه‌وه‌ش، وایكرد كه‌موكرتی زیاتر له پرۆژه‌كه هه‌بێت چونكه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وه‌به‌رهێنانی سلێمانی به‌هۆی ئه‌وه‌ی لێره نه‌بووه و له سلێمانیه‌وه نه‌په‌رژاوه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی به وردی چاودێری بكات.
نه‌جم عه‌بدوڵا، راشیگه‌یاند: لیژنه‌كه‌یان راپۆرتی تیروته‌سه‌لی له‌سه‌ر ته‌واوی كێشه و كه‌موكورتییه‌كانی پرۆژه‌كه ئاماده كردووه و دواتر ئیداره‌ی گه‌رمیان له رێگه‌ی كۆنوسه‌وه ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی وه‌به‌رهێنانی سلێمانی كراوه به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه و كه‌موكورتییه‌كان.
دواتر هه‌ر له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه، عومه‌ر محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنانی گه‌رمیان رایگه‌یاند: ئه‌وان وه‌ك وه‌به‌رهێنانی گه‌رمیان ئه‌ندامیان له لیژنه‌كه هه‌بووه و وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌یان راپۆرتی تایبه‌تیشیان له‌سه‌ر پرۆژه‌كه داوه‌ته لیژنه‌كه، ئێستاش لێره من وه‌ك نوێنه‌ری وه‌به‌رهێنانی سلێمانی لێره‌م و پشتیوانی راپۆرتی لیژنه‌كه ده‌كه‌ین.
445 جار خوێندراوه‌ته‌وه |
|