پهروێزخان: مانگی رابردوو دهست بهسهر نزیكهی 200 تەن خۆراکی خراپدا گیراوه
14 / 9 / 2014
یەکەی پشکنینی خۆراک لە مەرزی پەروێزخان ئاشكرای دهكات، لەماوەی یەک مانگدا نزکیەی 200 تەن خۆراکی خراپ و نەشیاو دەستی بەسەردا گیراوە و ڕێگری له هاتنه ژورهوهی بۆ ههرێم كراوه.
لهوباریهوه حوسام عەزیز، لێپرسراوی یەکەی پشکنینی خۆراک لە مەرزی پەروێزخان بە سایتی (ئیدارهی گهرمیان)ی راگەیاند: یەکەکەیان بۆ مانگی ئاب و لەمیانی پشکنینە بەردەوامەکانی بۆ ئەو خۆراکانەی لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دێنە ناو خاکی هەرێم، دەستی بەسەر 199 تەن و 818 کیلۆ خۆراکی خراپ و نەشیاودا گرتووە و لە پشکنینی دەرنەچوون.
راشیگهیاند: جۆری خۆراکەکان بریتیی بوون له (شیرینی، شیرەمەنی، خوێ، ئایسکرێم، خواردنەوەی گازیی، چپس، شیری وشک و پەتاتەی نیوە ئامادەکراو).
سهبارهت به چۆنێتی پشكنینی ئهو خۆراكانهی دێته مهرزی نێودهوڵهتی پهورێزخان حوسام عهزیز ووتی"هەموو خۆراکێک کەدێتە مەرزەکە بە سێ ئاستی فیزیایی وکیمیایی و بەکترۆلۆجیی پشکنینی بۆ دەکرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خۆراکانەی کە دەستیان بەسەردا گیراوە، یان لەلایەن خۆیانەوە لەناو براوە، یاخود بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران گەڕێنراونەتەوە.
322 جار خوێندراوهتهوه |
|